لەسلێمانی ھەڵمەتی فریا ڕاگەیەنرا

278 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – سلێمانی

ژمارەیەک ڕێکخراو لەشاری سلێمانی بەبەشداریی ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان ھەڵمەتێکی ھاوبەشی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکارییان بۆ ئاوارەکانی خورماتوو و دەوروبەری راگەیاند.

ڕێکخراوەکان داوا لە ھاوڵاتییان‌و خێرخوازان دەکەن، کۆمەک و ھاوکارییەکانیان بگەیەننە کەمپینەکەیان لە بینای رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی و سکرتاریەتی رێکخراوی قوتابیانی کوردستان لەشاری سلێمانی، بەئامانجی دابەشکردنەوەی بەسەر خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک‌و خورماتوو، کە بەھۆی ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەمدواییەوە، ئاوارەی ناوشاری سلێمانی‌و دەوروبەری بوون.

دەقی ڕاگەیەنراوەی ھەڵمەتەکه‌:

بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
(وتعاونوا علی البر والتقوی)

دانیشتوانی شاری سلێمانی و دەوروبەری
ھاونیشتیمانیانی بەڕێز

وەک ئاگادارن ماوەی ھەفتەیەکە بەھۆی پشێوی و ئاڵۆزییە سیاسیی و سەربازییەکانەوە دەیان ھەزار کەس لە ھاوڵاتیان و ھاونیشتیمانیانی قەزای دووزخورماتوو و ده‌وروبه‌رى ئاوارەی شارەکان بوون و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی کە ئامێزی گرتووەتەوە بۆ زۆرینەی ئاوارەکان.

ئێمە وەک کۆمەڵێک کەسایەتی و سەنتەرو ڕێکخراوی پيشه‌يى و کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێویستمان زانی بەئەرکی نیشتیمانی و ئاینی و ئەخلاقیی خۆمان ھەستین و ھەڵمەتیێک ڕابگەیەنین بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاریی بۆ میوانانی خورماتوو و ده‌وروبه‌رى بەناوی (ھەڵمەتی فریا).

ھاونیشتیمانیان…
میوانانی لێقەوماوی خورماتوو ژیانی خۆیان جێھێشتووە و ماڵیان سوتێنراوەو تەنانەت فریای ھەڵگرتنی خواردنی رۆژانە و پێداویستییە زۆر پێویست و سەرەتاییەکانی ژیانیش نەکەوتوون، ھەر بۆیە داواکارین لەئێوەی ستەمدیدە و بەستەم ڕاھاتوو، ئێوەی دڵ سەخاوات و کوردپەروەرو میوان خۆشەویست و ھاوکاری-دۆست. لەم رۆژەدا بەھانای ھاوزمانان و ھاوئاینانتانەوە بێن، سابەڵکو بتوانین کەمێک لەئازاری ئاوارەبونیان لەبیر ببەینەوەو تا ڕاددەیەک ھەست بکەن میوانداری کراون.

پارە و خواردن و پێداویستییەکانی ناوماڵ و ڕاخەرو پێخەف وەردەگرین و دواتر بەشێوەیەکی دادپەروەروەرانەو بەباشی دەیگەنینە شوێنی شیاوو مەبەست.

رۆژانەو شەوانە لەبارەگاکانی (لقی سلێمانیی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی – شەقامی سی مەتریی ئازادی) و (رێکخراوی قوتابیانی کوردستان – گەڕەکی مەڵکەندی) ھاوکارییەکانتان وەردەگرین.

ھەڵمەتی فریا
٢٢-١٠-٢٠١٧

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *