ئایا ھەڵگرتنی جانتای خوێندکاران گرفتی تەندروستی دروستدەکات؟

176 هەموو خوێنراوەکان, 2 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – سلێمانی

بەھۆی زۆری وانەکان و گەورەیی کتێبەکانی خوێندن، جانتای منداڵانی خوێندنگا سەرەتاییەکان کێشێکی زۆری ھەیە، پزیشکێکی پسپۆڕیش ئاماژەبەوەدەکات کە ھەڵگرتنی جانتای قورس زیانی درێژخایەنی دەبێت لەسەر تەندروستی منداڵان.

کەمال نوری بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: گرفتی قورسی جانتای خوێندکاران دەگەڕێتەوە بۆ زۆری پڕۆگرامی خوێندن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە دادەنرێت، ھەرچەندە پێشتر ئاگادارمان کردونەتەوە لە زۆری پڕۆگرامی خوێندنی سەرەتایی، بەڵام بێوەڵام بوو.

ئاشکراشیکرد، ھەندێک لە بەڕێوەبەری خوێندنگەکان کتێبی وانەکانی خوێندن لە خوێندنگە دادەنێت و لەکاتی وانەکاندا دەیدات بە خوێندکاران، بەڵام ئەم ھەنگاوە تەنھا چەند خوێندنگەیەک جێبەحێی دەکەن.

وتیشی،”پڕۆگرامی خوێندنی سەرەتایی و وانەکانی ڕۆژانەیان زۆرە و پێویستە کەم بکرێتەوە، بەڵام چەندین جار داواکاری کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنمان کردووە و تائێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەنراوە”.

ھاوکات چالاک قادر قەشانی، پزیشکی پسپۆڕی بڕبڕەی پشت ڕایگەیاند: کاتێک منداڵ جانتایەک ھەڵبگرێت کێشی زیادبێت، زیانی درێژخایەنی دەبێت لەسەر تەندروستی، ئەگەر منداڵێک کێشی ٣٠ کیلۆ بێت، پێویستە ئەو جانتایەی کە دەیکاتە شانی کێشەکەی لە ٥ کیلۆ تێپەڕ نەکات.

ڕاشیگەیاند: ھەڵگرتنی کێشی قورس لە لایەن منداڵانەوە زیان بە بڕبڕەکانی پشتیان دەگەیەنێت و دەبێتە ھۆی دروست بوونی ئازار لە شان و مل و ئەژنۆکان و پەستانێکی زۆر لەسەر بڕبڕەکان دروست دەکات.

بۆ ئەوەش باشتر وایە دایکان و یاوکان زۆر ئاگاداربن منداڵەکانیان جانتایەک نەدەن بە شانیاندا کە کێشی زۆر بێت و بە یەک شاندا جانتا نەدەن بە شانیاندا و جانتایەک بۆ منداڵەکانیان نەکڕن کە کێشی زۆربێت.

nrt٢

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *