ڕاگه‌يه‌نراوێك له‌ڕێكخراوى قوتابيانى كوردستانه‌وه‌.. نيو مليۆن كه‌س لێمان سودمه‌ند بوون

237 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانكۆكورد – سلێمانى

ڕێكخراوى قوتابيانى كوردستان له‌ساڵيادى ڕاگه‌ياندنيدا، ڕاگه‌يه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و تيايدا ئاشكراى ده‌كات: بەشانازییەوە ڕای دەگەیەنین زیاتر لە (نیو ملیۆن) قوتابی و خوێندکار بەشدار و سودمەندبوون لە پرۆژەو خول و چالاکی و ھەڵمەت و کۆڕو سیمینارو وۆکشۆپ و وانەپەروەردەییەکان و کتێب و نامیلکە چاپکراوەکانمان.

 

ده‌قى ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌:

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
قوتابیان و خویندکارانی کوردستان
کادر و ئەندام و دۆستانی ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان
ڕێکخراوەکان و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان

۳ – ۱۱ چوارەدە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قوتابیانی کودستاندا وەک دریژەپێدەری بزاڤی ڕێکخراوەیی ئیسلامی کوردستان کە لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوامی ھەیە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان سەرجەم قوتابیان و ھەموو براو خوشکانی ئەم کاروانە دەکەین.

بەداخەوە لەکاتێکدا ساڵیادی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە پڕۆسەی پەروەردەو فیرکردن لێوان لێوە لە قەیران و ھیچ ئاسۆیەکیش بۆ چارەسەر کردنیان نابینین و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش سەیری داروخانی دەکەن و ھیج پلان و بەرنامە و چارەسەرێکی بۆ دانانێن کە ئەمەش زیانی گەورە لە سامانی مرۆیی داھاتوی ووڵاتەکەمان (کە قوتابیانن) دەدات و ئاسەوارە خراپەکانی بەدرێژایی ژیانیان دەردەکەوێت سەرەڕای ئەمەش وەزارەتەکانی پەروەردەو خویندنی باڵا لەبری پاڵپشتی قوتابیان پلان و رێنمایی بێ ناوەرۆک دەردەکەن وەک بێبەش کردنیان لە بەدەست ھینانی کورسی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان.

بۆیە داوا لە وەزارەت و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و ڕیکخراوەکان دەکەین بەزوویی کار بکەن تاکو قەیرانە دەستکردەکانی پەروەردەو فێرکردن چارەسەر بکەن و ڕێگا بگرن لە پڕۆسەی بێبەشکردنی قوتابیان لە خوێندن و دووبارە سیستەمی خویندن و وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگاکان و پێدانی بەشەناوخۆیی ڕێک بخەنەوە چونکە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەسزادانی راستەوخۆی قوتابی و خوێندکاری دەزانین و زیانی مەزن بەداھاتوی ووڵات دەگەیەنێت.

پاش چواردەساڵ لەخزمەتکردنی بەردەوام، لە کاتێکدا ڕاگەیاندنمان دەکەینەوە کوردستان لەناو کۆمەڵێک قەیراندایەو ژیانی ھاونیشتیمانیان بە دۆخێکی قورسدا دەروات، دەوامی قوتابخانەکان لەسەرووبەندی ڕاگرتندان و خوێندن لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان (کەرکوک و دەوروبەری) بەخراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئیمە لەڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان بە پشتیوانی کادرو ئەندامانمان بەڵێنی بەردەوامبوون دەدەین و لەژێر دروشمەکانی (پەروەردە، زانست، نوێگەری) ڕاناوەستین لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا خزمەتی قوتابیان دەکەین.

لەم ساڵیادەدا بەشانازییەوە ڕای دەگەیەنین زیاتر لە (نیو ملیۆن) قوتابی و خوێندکار بەشدار و سودمەندبوون لە پرۆژەو خول و چالاکی و ھەڵمەت و کۆڕو سیمینارو وۆکشۆپ و وانەپەروەردەییەکان و کتێب و نامیلکە چاپکراوەکانمان، لەڕێگەی (خولی سەرکەوتن و خولە پەروەردەییەکانی ھاوین و خولەجۆراوجۆرە زانستییەکان) و پرۆژەکانی (دۆستانی محمد، سیمبولی نور، ڕێگای زانکۆو پرۆژە ئەلکترۆنییەکانمان)، ئەمە جگە لە ڕۆژنامەی وەرچەرخان و سایتی زانکۆکورد کە ڕۆژانە ھەزاران خوێنەری ھەیە.

لەچواردەیەمین ساڵیادی KSO دا، سڵاو رێز بۆ ھەموو ئەو براو خوشکانەمان دەنیرین کە رۆڵی بەرچاویان ھەبوو لە بونیادنانی ئەم ڕێکخراوەدا و ئەمڕۆیان دروست کرد و بەڵێن دووپات دەکەینەوە، وەک چۆن لەڕابردوودا بەردەوام لەسەنگەری قوتابیان و خوێندکاراندا بووین وداکۆکیکاری مافەکانیان بوین لە پێناو بەرزکردنی ئاستی زانستیی و ئەکادیمیی زانکۆکان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین لەخزمەتکردن و کارکردن بۆ ھێنانەدیی داواو مافە ڕەواکانیان.
دووبارە پیرۆز و پڕشکۆبێت ساڵیادی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان.

ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
٣/١١/٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *