ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ پەیامێک ئاڕاستەی ڕێکخراوی قوتابیان دەکات

20 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – سلێمانی

ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەچواردەیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستاندا پەیامێک ئاڕاستەی ئەو ڕێکخراوە دەکات کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بسم اللە الرحمن الرحیم
بەڕێز / رێکخراوی قوتابیانی کوردستان

بەبۆنەی چواردەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێکخراوەکەتانەوە، بە ناوی ئەنجومەنی سیاسیی و سەرکردایەتیی و سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە ، جوانترین چەپکە گوڵی پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و ھیواخوازین بتوانن بە ئامانجە بەرزو بەرنامە پێشبینیی کراوەکانتان – لە خزمەتی قوتابیان و بەردەوامیی کاروانی زانستیی وڵات – بگەن.

لە سەرانسەریی جیھاندا ، قوتابیان ھیوای گەل و نیشتمانن، پێشکەوتن و سەرکەوتنی گەل و وڵات و روونیی ئاسۆی داھاتوو ، راستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاستیی ھۆشیاریی و گەشەی چینی قوتابیانەوە ھەیە ، بۆیە ئێمە بڕوامان وایە ئەگەر گەلی کوردستان بیەوێت داھاتووی پرشنگدار و جێگەی ھیوا بێت ، دەبێ کار بۆ سەرخستنی پڕۆگرامی قوتابیان و ئامادەکردنی پێداویستیەکانیان بکات ، چونکە پێوەری بەختەوەریی و گەشەی وڵاتان لەسەر پەروەردەو فێرکردنی نەوەکانی ئەمڕۆ رادەوەستێت.

گەلی کوردستان لە ھەورازو نشێوی خەباتیدا ، ھەمیشە گرنگی بە قوتابیان و ھەڵکردنی چرای زانست داوەو لە نەھامەتیەکاندا تیشکی زێڕینی ھیوای پەخشکردووەتەوە ، بۆیە لەم قۆناغە سەختەی تێکۆشاندا ، کە بەھۆی خراپ خوێندنەوەی سەرکردایەتی دەسەڵاتداری کوردستانەوە ، گەلەکەمان رووبەڕووی قۆناغێکی سەخت بووەتەوە ، ئێوە وەکو پێشەنگی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو ھیوای داھاتووی گەل و نیشتمان ، ئەرکێکی مێژوویی و ئاینیتان دەکەوێتە سەرشان ، لەلایەک پێویستە بەشێکی زیندوو بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ھەستیارەی کوردستان و لەلایەکی تریش ببنە پێشڕەوی ھۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵی کوردەواریی بۆ بەرزکردنەوەی ورەو وزەو توانایان .
ھەمیشە سەرکەوتوو بن و مەشخەڵی زانست و پەروەردەتان درەوشاوەتر بێت …

ئەنجوومەنی سیاسیی
کۆمەڵی ئیسـلامیی کوردستان
٣/١١/٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *