دواین بۆچوونی وەزیری پەروەردە لەسەر موچەی مامۆستایان

26 هەموو خوێنراوەکان, 3 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – سلێمانی

بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە ئاشکرا دەکات و راشیدەگەیەنێت: قسەکانی پشتیوان سادق لەسەر قەیرانی موچە، جێگەی دڵخۆشی نەبوو.

رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، کۆبوونەوەی نێوان پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەو سکرتاریەتی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان بەڕێوەچوو.

سەنگەر فایەق، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان بە SNNی راگەیاندووە: وەزیری پەروەردە ھیچ چارەسەرێکی بۆ دۆخی مامۆستایان پێنەبوو، باسی ھەوڵەکانی حکومەتی کرد بۆئەوەی ھەموو ٣٠ رۆژجارێک موچەی دابەشبکرێت، بەڵام باوەڕمان بەو بەڵێنە نییە، چونکە سەرۆکی حکومەت ساڵی ٢٠١٦دا ئەو بەڵێنەی داو نەیتوانی جێبەجێیبکات.

وتیشی: “پەیامی وەزیری پەروەردە لەسەر قەیرانی موچە بۆ مامۆستایان دڵخۆشکەر نەبوو”.

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت: “وەزیری پەروەردە بەڵێنیدا ھەوڵی خۆی بدات بۆئەوەی موچەی مامۆستایان یەکەم وەزارەت بێت، بەڵام پێمانوایە ھەوڵەکانی بێ سوود دەبن، چونکە لەسەر ئاستی حکومەت راگەیەنراوە کە گۆڕانکاری لەموچە بەیەک پاکێچ دەبێت و چاکسازییەکانیش دڵخۆشکەر نین”.

راشیگەیاند: لەڕاگەیەنراوێکدا ھەڵوێستی خۆمان لەسەر کۆبوونەوەکە رادەگەیەنین.

سەبارەت بەبۆچوونی وەزیری پەروەردە لەسەر بایکۆتی مامۆستایان، سەنگەر فایەق رایگەیاند: ناوبراو ھەڵوێستێکی دیاریکراوی نەبوو، باسی ئەوەکرا ھاوکاری مامۆستایان بکرێت بەکەمکردنەوەی دەوام، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە تەنیا لەکاتە ھەستیارەکاندا ھاوکاری مامۆستایان دەکات.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *