پەروەردە لەبارەی نمرەی وانەکانی ھونەرو وەرزش ھۆشداری دەدات

48 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – سلێمانی

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، لەسەر دەستکاریکردنی نمرەی وانەکانی وەرزش و ھونەر لە خوێندنگەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی یەکەمەکان دێتە دەنگ.

بەگوێرەی ئەو حاڵەتانەی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراونەتەوە، نمرەی وانەکانی وەرزش و ھونەر بۆ یەکلاییکردنەوەی خوێندکارە یەکەمەکان بەکاردەھێنرێت.

بەکر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، رایگەیاندووە: لەکاتی دەستبەکاربوونمان لەپەروەردەی رۆژئاواو لەیەکەمین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان، ئەو بابەتەمان وەک خاڵێکی سەرەکی باسکرد، بەڵام قسە لەسەر ئەوە نییە ئەو وانانە بەکاربھێنرێت بۆئەوەی خوێندکارێکی پێ بکرێت بەیەکەم، بەڵکو بڕیارلێدراو نییە کە کۆک بین لەسەر ئەوەی تاقیکردنەوەیان تێدا بکرێت و خوێندنکار نمرەی خۆی وەربگرێت، زۆرجار خوێندنگەکان مامۆستای وەرزش و ھونەریان نییە، نمرەی ئەو دوو وانەیەش لەلایەن ئیدارەوە دادەنرێت.

وتیشی: “بەبەڕێوەبەرەکانمان وتوە رەچاوی خوێندکارە ئاست بەرزەکان بکرێت، کە رەنگە پێویستیان بەچەند نمرەیەک ھەبێت، یاخود باڵانسێک ھەبێت لەنێوان نمرەی وانەکانی دیکەو ئەو دوو وانەیە”.

سەبارەت بەگرتنەبەری رێوشوێن لەبەرامبەر ئەو حاڵەتانەدا، بەکر محەمەد وتی: “ھۆشداریمان دواوە بە بەڕێوەبەرو دەستەی کارگێڕییەکان کە لەو رووەوە زۆر پیشەیی کار بکەن، چونکە ناچینە ژێرباری ھیچ جۆرە گازندەیەک و لەو حاڵەتەدا لێپچێینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەردا دەکەین”.

وتیشی: “ئەمڕۆ نمرە راگەیەنراوەو تائێستا ھیچ جۆرە حاڵەتێکی لەو جۆرەمان بۆ نەھاتووە، ئەگەر حاڵەتێکی وا ھەبێت، با سەردانمان بکەن رێکاری پێویست دەگرینەبەر”.

س: SNN

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *