بەشی پزیشکی لەزانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە

54 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – گەرمیان

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێگەی زانکۆی گەرمیانەوە ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی بەشی پزیشکی لەوسنورە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی سەردانی بۆ زانکۆی گەرمیان ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە زانکۆکانمان بدەین و، وەڵامی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بدەینەوە دەبێت لەمەودوا زانکۆکانی کوردستان بەرەو تایبەتمەندیەتی زانستی ببەین، ھەر بۆ ئەوەش بوە وەزارەتەکەمان پشتیوانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان دەکات.

بەپێی سایتی وەزارەتەکە، لەمیانی سەردانەکەدا د. یوسف گۆران، کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچووەو تیایدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە: لەم سەردانەماندا بۆ زانکۆی گەرمیان لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو ئامادەکاریانەی زانکۆکە بووین کە کردویانە بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی.

ھەروەک جەختی کردەوە کە کردنەوەی ئەو کۆلێژە بۆ سنورەکە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ و ستراتیژی و بایەخدان بەلایەنی پەرەپێدانی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی لە سنورەکە، لەھەمان کاتدا خزمەتێکە بە کەسوکار و بنەماڵەی قوربانی و شەھیدانی ئەم سنورە، کە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس ئازارو مەینەتی زۆریان چەشتوە و، شایەنی ھەمو خزمەتێکن، کە ئەوەش وەک خەونێک بوە بۆ وەزارەتەکەمان و، تەواوی ھەوڵەکانمان بۆ پشتگیری کردنەوەی ئەم کۆلێژە دەخەینەگەڕ.

جێی باسە زانکۆی گەرمیان لە (٧) کۆلێژ و (٢) بەش کە بریتین لە بەشەکانی یاسا و ئەندازیاری پێکھاتوە و، ژمارەی مامۆستاکانی (٢٢٥) مامۆستا، ھەروەک نزیکەی (٥٠٠٠) ھەزار خوێندکاری ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *