متمانە بە بڕوانامەکانی توانستی ئینگلیزی ناکرێت

876 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە دەکات

زانکۆکورد – ئاژانس

دەستەی دەستپاکی ھەرێم لێکۆڵینەوە لە ژمارەی دەرچووانی توانستی زمانی ئینگلیزیی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات، لەبەر ئەوەی گومان لەو ڕێژەیە ھەیە کە لە تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزی دەرچووبن.

بە پێی ئاماری دەستەی دەستپاکی، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دوو ھەزار و ٣٠٠ خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر لە ھەرێم تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزییان ئەنجام داوە و دەرچوون، بەڵام دەستەی دەستپاکی و پەرلەمانی کوردستان گومانیان لەو ڕێژەیە ھەیە کە ساڵانەش زیاد دەکات، بە تایبەت لە تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزی، بۆیە ئیستا دەستیان کردووە بە وردبینی لەو ژمارانەدا و ئێستا سەرقاڵی وردبینین لە ھەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرادا.

شوکریە شێخانی ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان وتی: ״پێشتریش لەو بارەیەوە قسەم کردووە، گومانمان لە داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەیە، ئەمساڵ زیاتر لە دوو ھەزار لە ھەڵگرانی ماستەر و دکتۆرامانی ھەرێم تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزییان بە دەست ھێناوە ئەوەش جێی گومانە.״

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشتر ئێمە ئاگاداری زۆر ھەوڵی پووچەڵکردنەوە بووین لەو بڕوانامانەدا، بەڵام ھێشتا ئەو ڕێژەیە بۆ دوو ساڵ زۆرە و پێویستە پەرلەمان وردبینی لەو بارەیەوە بکات، بە وەزارەتی خوێندنی باڵاشمان ڕاگەیاندووە ناو و ژمارە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو کەسانە بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆ وردبینیی ڕاستی و درووستی.

وتیشی: ״ئاگادارین دەستەی دەستپاکییش لەو بارەیەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و ڕاستیی سەرجەم تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزیی دەسەلمێنێت״.

بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم، ھەر خوێندکارێک بیەوێت بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا بە دەست بھێنێت دەبێت لە تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزتی (IELTS) سەرکەوتوو بێت، ئەوانەشی پێش ئەو بڕیارە ماستەر و دکتۆرایان ھەیە دەبێت ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدەن.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە دەستەی دەستپاکی پڕۆسەکەیان بەردەوامە و لیژنەیەکیان ھەیە لەو بارەیەوە کار دەکەن.

وتیشی: ״لە دەستەی دەستپاکی وردبینی لە بڕوانامە و پسپۆڕیی مامۆستایانی زانکۆ دەکرێت، چونکە گومان لەسەر ھەندێک بڕوانامە ھەیە لە زانکۆکاندا و ئێستە پڕۆسەی وربینی بۆ بڕوانامەی دکتۆرا دەستی پێ کردووە.״

ساڵانە جگە لە بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانمی ھەرێم، لە زانکۆکانی دەرەوەی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بە دەست دەھێندرێت. تەنھا لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم ٣ ھەزار کاندیدی بۆ بەدەستھێنانی ئەو دوو بڕوانامەیە وەرگرتووە.

ھاوکات عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ״وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ پەرلەمان و پارلەمانتاران کردووە، بۆیە ناکرێ گومان بخرێتە سەر داتاکانی وەزارەت بێ ھیچ بەدواداچوون و بێ ئەوەی داوای داتا و زانیاری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمی کرابێت.״

وتیشی: ״ھەر نایاساییەک لە تاقیکردنەوەی توانستی ئینگلیزی ھەبووبێت وەزارەت ڕایگەیاندووە، بۆ وردبینی و گومانیش دەبێت پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی داتاکان ببینن ئەوکاتە گومان لەسەریان درووست بکەن״.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *