خاوەن ماستەر و دکتۆراکان لە ھەردوو جەژنەکە بوون

35 هەموو خوێنراوەکان, 1 خوێنراوی ڕۆژانە

زانکۆکورد – ئاژانس

ئەگەر لە ڕابردوودا زۆربەی ھاووڵاتیان خەونیان بە بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراوە بینیبێت، ئێستا دۆخەکە تەواو پێچەوانە بووەتەوە، قەیرانی دارایی وای کردووە خاوەن بڕوانامەکانیش ئێستا خەون بەوەوە ببینن لە جیاتی چەندین ساڵ خوێندن کارێکی تریان بکردایە.

قەیرانی بەردەوامی دارایی ‌و دواکەوتن و پاشەکەوتی مووچە، ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە ھەردوو جەژنەکە کردووە، نە ئەوەیە مووچەکەیان بەش بکات نە ئەوەشە بتوانن وەک ھەر ھاووڵاتییەکی ئاسایی کاریان دەست بکەوێت.

لە پاش کرانەوەی ھەرێمی کوردستان بە ڕووی جیھان و گەشەسەندنی ئابووری، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشەی کرد و لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان خەڵکانێکی زۆر دەستیان بە خوێندن کرد.

مووچەی مامۆستایانی زانکۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بووە، ھەندێکجار گەیشتووەتە سەروو ٣ ملیۆن دینار و لە ئێستاشدا بە ھۆی پاشەکەوتی مووچەوە بەشێکی زۆریان مووچەکەیان نزیکی ٥٠٠ ھەزار دینارە، ئەمەش جگە لەوەی تووشی قەیرانی دارایی کردوون بەو پێیەی ناتوانن کاری دیکە بکەن، ڕێزنەگرتنی بڕوانامەش نیگەرانی کردوون.

د. نەزاکەت حەسەن، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، پێی وایە ئێستا کەرتی بڕوانامە و کەسایەتییە پسپۆڕەکان تووشی داڕمان بووە، چونکە ھەر کەسێکیان دەرفەتی بۆ بڕەخسێت پیشەکەی بەجێ دەھێڵێت.

د. نەزاکەت حەسەن ڕایگەیاند: ״لە ھەرێمی کوردستان خاوەن بڕوانامەکان بەبێ مووچە لە ماڵەوە دانیشتوون، ئەمە جگە لەوەی زیان لە خودی خاوەن بڕوانامەکان دەدات کۆی پڕۆسەی خوێندنیش پەک دەخات، بەو پێیەی کەسانی دیکەش دەڵێن گەر بخوێنین ئەوە چارەنووسمان دەبێت״.

ئەم مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی، وتیشی: ״بەشێک لە ھاوڕێکانم ڕۆیشتوون بۆ زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ئەوەی وانە بڵێنەوە״.

قەیرانی دارایی بە جۆرێک زیانی لە شکۆی خوێندن داوە، ئێستا بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانەی بە مەبەستی بەدەستھێنانی بڕوانامە چوونەتە دەرەوەی وڵات پەشیمانن لە خوێندنەکەیان، بەو پێیەی پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و لە گەڕانەوەشیاندا بۆ کوردستان و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن سوود لە بڕوانامەکەیان ببینن.

ھێمن حەسەن، لە ڕێگەی پڕۆگرامی تواناسازییەوە چووەتە وڵاتی بەریتانیا و لە زانکۆی نۆتنگھام خوێندوویەتی ‌و زیاتر لە ٨٠ ھەزار دۆلاری خەرج کردووە، لە کاتێکدا حکوومەت تەنھا ٤٠ ھەزار دۆلاری بۆ خەرج کردووە، ماوەی ساڵێکە بە بڕوانامەوە گەڕاوەتەوە، دەڵێت: ״ئێستا لە کارەکەم پەشیمانم.״

ھێمن حەسەن وتی: ״لەسەر پڕۆژەی تواناسازی چوومە دەرەوە و جگە لەوەی حکوومەت لە نیوەی ڕێگا دەستی لێ بەرداین و بۆ خۆمان پارەیەکی زۆرمان خەرج کرد، ئێستا ھاتووینەتەوە، ھەم لە پیشە گشتییەکە بووین و ناتوانین وەک کەسێکی ئاسایی لە بازاڕدا فرۆشگایەک دابنێین یان تەماتە بفرۆشین، لە بوارەکەی خۆشماندا ناتوانین کار بکەین״.

وتیشی: ״بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە فێڵمان لێ کراوە، چونکە من کوڕێکی ھەژارم و گەر حکوومەت نەیناردمایە خۆم نەدەچووم بەو پارە زۆرە بخوێنم، ئێستا ھەم پارەکەشمان نادەنەوە، ھەم ناشتوانین لە زانکۆدا وانە بڵێینەوە״.

زیاتر لە دوو ساڵە ھەرێمی کوردستان، لەنێو قەیرانی داراییدایە، مووچەی مامۆستایان ‌و فەرمانبەران لە وادەی خۆی دوا دەکەوێت، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە حکوومەتی ھەرێم سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی پەیڕەو کرد، ئەوەش ھێندەی تر دۆخی مووچەخۆرانی ناڕەحەتتر کرد، تا ئێستاش پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ ‌و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ‌و ھەڵەبجە دەستی پێ نەکردووەتەوە.

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، جەخت دەکاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ واز لە زانکۆ حکوومییەکان دەھێنن و دەچنە زانکۆ ئەھلییەکان یاخود زانکۆکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

شوان قەڵادزەیی وتی ״تەنھا لە کۆلیژی یاسا و زانستە ڕامیارییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری ھەولێر، ٢٧ مامۆستای زانکۆ وازیان ھێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەورووپا، ڕۆژ بەڕۆژ وازھێنانی مامۆستایان لە زانکۆ حکوومییەکانی ھەرێم و کۆچکردنیان لە زیادبووندایە״.

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا ٣٥٠ مامۆستای زانکۆ لە کۆی ٨ ھەزار مامۆستا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە تا بتوانن لە زانکۆ ئەھلییەکاندا کار بکەن، ئەمە جگە لەوەی بەشێکیان بەدەر لە کاری زانکۆ بە دوای کاری دیکەدا دەگەڕێن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان.

ھێمن ئەمین شوانی، بەڕێوبەڕی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئاگاداری دۆخی خراپی مامۆستایانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکانن و لە تازەترین پێشھاتیشدا پڕۆژەیەکیان داوەتە حکوومەت بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی دۆخەکە.

بەڕێوەبەڕی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەڵێت: ״ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئەو مامۆستایانەی مۆڵەت وەردەگرن لە زانکۆ حکوومییەکان ڕوو لە زیادبوونە، ناشتوانین تەنانەت ئەو خاوەن بڕوانامانەش دابمەزرێنن کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرایان بە دەست ھێناوە״.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *