بۆ دەبێت بخوێنیتەوە ؟


١. بۆ گه‌شه‌ی مێشك: مێشك وه‌ك ماسولكه‌یه‌ك پێویستی به‌ مه‌شقه‌ و خوێندنه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مێشكه‌ گه‌شه‌ بكات و ته‌ندروستیی به‌ باشی بمێنێته‌وه‌ و تووشی كێشه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌ شتی له‌و جۆره‌ نه‌بێت.

٢. بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌رێكی باشتر بیت و توانای ده‌ربڕینت چ به‌ قسه‌ یان نووسین باشتر ببێت و گوێگرێكی باشتریش بیت چونكه‌ كتێب قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات. به‌مه‌ش ده‌توانیت به‌رگری له‌ مافه‌كانت بكه‌یت، ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت بتوانیت ده‌ریبڕیت و بیگه‌یه‌نیت،هه‌روه‌ها خۆت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌لمێنیت.

٣. كه‌سایه‌تیت هێمن و له‌سه‌رخۆ و به‌ ته‌ركیز و وردبین ده‌بێت چونكه‌ كاتێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌یت کە بەدەستتەوەیە و ده‌بێت بیركردنه‌وه‌ت چڕ بكه‌یته‌وه‌.

٤. فێری جوانبینی ده‌بیت، جوانی ده‌ناسیته‌وه‌، جوانی ڕاسته‌قینه‌ ، ئیدی به‌ ڕووكه‌ش فریو نادرێیت، بەتایبەت ئێمه‌ی مرۆڤ،کە حه‌زمان له‌ جوانییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت جارێ فێر ببین جوانیی خۆی چییه‌.

٥. خه‌یاڵت فراوان ده‌بێت و توانای داهێنانت زیاتر دەبێت و سنووری ئاواته‌كانت فراوانتر ده‌بێت، هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆ جیاوازه‌كان ده‌بینیت و ده‌توانیت جۆرێك له‌ دووربینیت هه‌بێت.

٦. فێربوون: به‌ ماوه‌یه‌كی كورت و به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ زانیاریی جۆراوجۆر كۆده‌كه‌یته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ری بیرچوونه‌یان كه‌متره‌. هەروەها به‌هۆی جیاوازی زانیارییه‌كانه‌وه‌ ده‌توانیت له‌ هه‌موو شوێنێك و له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك شتێكت هه‌بێت بیڵێت.

٧. خوێندنه‌وه‌ فێری بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ت ده‌كات، وات لێده‌كات بۆچوونی تایبه‌تی خۆتت له‌سه‌ر شته‌كان هه‌بێت و دوای مێگه‌ل نه‌كه‌ویت و به‌ هه‌موو شتێك قایل نه‌بیت. هه‌روه‌ها یارمه‌تیت ده‌دات ڕاست و هه‌ڵه‌ باشتر بناسیته‌وه‌ و به‌دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێیت و چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزیته‌وه‌.

٨. ئاسۆت فراوانتر ده‌بێت: له‌سه‌ر بابه‌ت و وڵات و كلتور و ڕووداو و كه‌سایه‌تی جیاواز و دۆخی جیاواز ده‌خوێنیته‌وه‌ و چه‌ندین ژیان و ئه‌زموون له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌ژیت و ئه‌زموونی مرۆڤانه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت.

٩. هه‌ست به‌ ئارامیی ده‌كه‌یت و سترێست له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ مه‌راقی شتی پووچ و قسه‌ و باس و ئه‌وانه‌ ناخۆیت كه‌ بەتایبەت کات و ژیانی ژنانی داگیر کردووە.

١٠. كاتت بۆ ده‌ڕه‌خسێت كه‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا بیت و چێژ له‌ ته‌نیایی وه‌رگریت و خۆتت خۆشبوێت و له‌ خۆت ڕازی بیت و متمانه‌ت به‌ خۆت هه‌بێت، چونکە زۆربەمان هەستی باشمان بەرامبەر خۆمان نییە.

١١. .ده‌توانیت خۆت بدۆزیته‌وه‌ و خۆت دروست بكه‌یت و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك خاڵی گرنگی ژیانت بده‌یت.

١٢. خوێندنه‌وه‌ ڕێگه‌یه‌كی باش و بێ كێشه‌یه‌ بۆ چێژ بینین و كات به‌سه‌ربردن.

١٣. كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووتر و سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بیت و كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوو و سه‌رنجڕِاكێشه‌كانیش لێت نزیك ده‌بنه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سه‌ به‌تاڵ و نه‌زان و بێسووده‌كانت لێ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.

زیاتر بخوێنەوە

بابەتی هاوپەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button