دوای ٣٣ ساڵ بەسەر خاپوورکردنی سەیدسادق، دەسەڵات بە پەراوێزخستن پاداشتی شارەکە دەداتەوە

زانکۆکورد:-شارەکەی وەلی و شەم لەئێستادا لە ڕووی جوگرافی و ئیدارییەوە یەکێکە لە قەزا هەرە گەورەکانی کوردستان، بەڵام لە بواری خزمەتگوزاریی و سەرجەم کەرتەکانەوە لە پەراوێزخراوترین ناوچەی سنوورەکە و بەگشتی کوردستانە، پڕۆژەکانیشی ڕاگیراون و کەرتەکانی تری تەندروستی و پەرووردە و خوێندنی باڵا و ڕێگاوبان و هتد… لەکەناری کەوتندان، بەم هۆیەشەوە پەیتا پەیتا دانیشتوانەکەی بۆ دواین جار شارەکە بەجێ دەهێڵن.نەبوونی خزمەتگووزاری پێویست و کەمووکورتیەکی زۆر و دانەنانی کەسانی شیاو لەپۆستە ئیدارییەکانی شاری سەیدسادق، وایکردووە شارەکە ببێتە سەرمەشقی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ناوچەکە، کەبەداخەوە زۆرترین شەهید و قوربانی لە ڕیزی گەنجانی خێر لەخۆ نەدیوی قەزاکەمان بووە، لەکاتێک گەنجان لەهەموو وڵاتێک هێزی کارن و داهاتووی وڵاتن، لەلای ئێمە گەر داوای مافێکی سەرەتایی ژیانیان بکەن ئەوا بە بێزراوترین شێوە و بە فیشەک وەڵام دەدرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی یاسا لە هەمبەر وەرگرتنی مافەکانیان بوەتە مرەکەبی سەر کاغەز و لەکاتە نا هەموارەکانیش دژیان بەکاری دەهێنن.بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی بەش مەینەتی ئەم شارە، دەبێت حکومەت هەوڵبدات ئەو گەمارۆ و پەڕاوێز خستنەی سەر سەیدسادق لە هەموو ڕووە جیاوازەکانەوە کۆتایی پێ بهێنێت و کەسانی شیاو و لێهاتوو بەپێی شوێنی جوگرافی لە پۆستە ئیدارییەکان دابنێت و پڕۆژە ڕاگیراوەکان بەگەڕ بخاتەوە و ئەو گەندەڵی و بێ بەرنامەیەی لەم شارە هەیە چی دیکە درێژەی پێ نەدات و چارەسەری بکات.بە ئاوڕدانەوە لەم شارە دەبێتە هۆی نەڕشتنی خوێنی زیاتری گەنجەکانمان و درووست نەبوونی ماڵوێرانی زیاتر، ڕوونە بەدرێژەدانی ئەم پەراوێزخستنە، خەڵکی شارەکە و بەتایبەت گەنجە خوێن گەرم و گیرفان خاڵییەکان، چی دیکە ئۆقرەی ئەوەیان نامێنێت دەستەوەستان دابنیشن و لە باروودۆخەکە بڕوانن.ئەیوب سڵێمان ــ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس

زیاتر بخوێنەوە

بابەتی هاوپەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button