دوو قەڵغانی جیاواز !

بیلال رحمان

لە ڕابردوودا سەربازەکان بۆ نەڕژانی خوێنی جەستە و بەجێنەهێشتنی گۆڕەپانی جەنگ بە سەری نەوی و نەچەشتنی تامی نشوستی و پاراستنی( دڵیان, پەلەکانیان, سەریان, گلێنەی چاویان,سنگ و کەمەریان) لە تیر و شیری دوژمن لە جەنگدا قەڵغانی ئاسنینیان بەکاردەهێنا.

بەڵام, ئەمجارە قەڵغان بە جۆرێکی جیاواز بەکاردێت.

ئەم جەنگەی ئێستا جۆرێکی ترە!
لێرە باس باسی ڕژانی خوێنی سوری ناو مولولەکانی خوێن نییە.
لێرە باس باسی پاراستنی دڵ نییە تا نوکی تیری تێنەچەقێ, یاخود تیغی تیژی شیر نەیبڕێ.
لێرە باس باسی پاراستنی لاق و لەپ و دەست نییە نا بەهۆی بڕینێکەوە لە جوڵە نەکەون.
لێرە باس باسی لەسەرکردنی کڵاوی ئاسنین نییە تا کاسەی ڕەقی کەللە بە زەبری شمشێر کەلێنێکی قوڵی تێنەبێت, کە بە پزیشکە لێهاتووەکانیش چارە نەبێت.
لێرە باس باسی پۆشینی ڕووبەندێکی ئاسنین نییە تا بینایی چاوان پارێزراو بن بۆ بینینی دوژمنێکی سەرسەخت کە تینوە بە خوێنی ئەوانیتر.
لێرە باس باسی لەبەرکردنی کەمەربەندی قەڵغانی نییە تا بە جوڵەی خێرای چەکی دەستی جەنگاوەرێک, کەمەر کەرت نەکرێت و جەستە دووبەش نەبێت.
لێرە هەوڵ بۆ پاراستنی شادەماری مل نییە تا خوێنی نەڕژێت.

بەڵام باس و خواس لەبارەی قەڵغانەکانی ئەم گۆڕەپانە زۆر جیاوازە!

کاتی ئەم جەنگە نە وەک هەندێک لە جەنگەکان دەیان و بگرە زیاد لە سەد ساڵە, و نە وەک هەندێکیشیان چەن ڕۆژێک, بەڵکو مانگێکە.
ئامانجیش لێی لەناوبردنی ژیان نییە بەڵکو ژیانەوەیە.
جەنگاوەرەکان قەڵغانێکی جیاواز بەکاردێنن تا زەبری بەهێزی غافڵبوون لە لاڕێدا وێڵیان نەکات.
جەنگاوەرەکان لێرە خەمی بڕانی شادەماری ملیان نییە بەڵکو لە تەنیشت ئامۆژگارییەکانی کەسێک ڕێدەکەن کە لە(شادەماری مل) لێیان نزیکترە.
لێرە کەس دەسبەندی ئاسنین ناپۆشێت بۆ لەجوڵە نەکەوتن بەڵکو قەڵغانێکی جیاواز بەکاردێنێ تا دەست بۆقەدەغەکراو(حەرامکراو)ەکان نەبەن.
لێرە کەس کڵاوی ئاسنین لەسەر ناکات, بەڵکو قەڵغانێکی جیاواز بەکاردێنێت تا زەینیان لە بەدواداگەڕانی کەم و کورتی ئەوانی تر بوەستێت و بۆ خۆی بگەڕێتەوە.
لێرە قەڵغانێکی جیاواز بەکاردێت تا پاکیزەیی چاوەکان بپارێزرێ.
لێرە قەڵغانێکی جیاواز بەکارەهێنرێ تتا سەر و سنگ نەوی نەبن بەڵکو لە لوتکەدا بن.
لێرە کەس سەرکردەی کەس نییە بەڵکو هەرکەس لۆمەکاری خۆیەتی!
لێرە سەربازەکان پێویستیان بە خواردنی چەور و باش نییە تا باش بەرگەی شەڕ بگرن, برسی دەبن ئەوجا دەجەنگن, پێویستیان بە قەڵغانێکی جیاوازە بۆ شەڕ .

ئەمە چ جەنگێکە؟ ئەرێ بەڕاست ئەم گۆڕەپانە کوێیە؟ ئەم قەڵغانە جیاوازە چییە و لە چی دروست بووە!

پێغەمبەر وەڵام دەداتەوە!
قال رسول الله (صلى الله عليه وسلم): الصيام جُنَة, واتا: ڕۆژوو قەڵغانە.

ئەم جەنگە جەنگی پەروەردەکردنی نەفسە لە گۆڕەپانی ڕەمەزان بە قەڵغانی ڕۆژوو بە جەنگاوەری ڕۆژووەوان.

زیاتر بخوێنەوە

بابەتی هاوپەیوەندیدار

Back to top button