رۆژانێک لە ژیانمەوە

ڕۆژانێک لە ژیانمەوە : بەشی یەکەم

نوسینی : موئمین زەڵمی


گەڕانەوەمان بۆ عێراق و کۆتاییهاتنی ئاوارەیی

ساڵی نەودوهەشت بوو، زۆر نەبوو کە مۆندیالی تۆپی پێ تەواو بووبوو، هێشتا دڵخۆشی کەللەکانی زەینەدینی زەیدانی جەزائیری لە گیانماندا بریسکەی دەهات، ئاخر ئەوشەوەی فەرەنسا و بەرزایل یارییەکەیان کرد بۆ من کە یەکەمجارم بوو بەوشێوەیە بینەری مۆندیال بم، خۆشترین و پڕچێژترین شەوەیاری بوو، بیرم نایەت یارییەکیتری وا پڕ هەیەجان لە زیهنمدا مابێتەوە، لە بیرمە کە لە حەوشەکەی ماڵی خۆماندا لە بلۆکی دووی ئۆردوگای باراماوای بناری چیای زەڕەوە، لەگەڵ کاک والی و م. عیرفان سەیری یارییەکەمان دەکرد، ئێمە چرکەی خۆشیمان دەژمارد و کاک والیش کە دەیگوت ئەگەر بەرازیل و عێراق یاری بکەن من هەر جمهوری بەرازیل دەبم باسی بردنەوەکانیتری بەرازیلی دەکرد.

وردە وردە ئۆردوگا خەریک بوو چۆڵ دەبوو، زۆربەی ماڵەکان گەڕابوونەوە عێراق، بۆ ئاوارەگانی عێراقی غەریبی سەخت و خۆشترین ئاوات گەڕانەوە بوو بۆ زێدی خۆمان، بێ ئاگا لەوەی پاش زیاتر لە دوو دەیە هێشتاش ئەگەر بیرەوەرییەکی خۆش مابێت لە ژیانماندا هی ئەو چەند ساڵەی غەریبییە، هاوڕێ نزیکەکانمان هەر ئەوانەی ئوردوگا و گۆرانییە دڵخوازەکانمان هەر ئەوانەی ئەو سەردەمەن.

هاوین وردە وردە گەرمی دەکرد، ئەگەرچی لە بناری زەڕەوە هەر بە پانکەیەکی سەقفییەوە گەرمامان تێدەپەڕاند بەڵام دواجار دەبوو ئێمەش ئۆردوگا و غەریبی و کەشوهەواکەی بەجێبهێڵێن و بگەڕێینەوە خورماڵ. سەرلەبەیانی رۆژی ١٥ی تەمووزی ١٩٩٨، کەلوپەلمان باری کامیۆنە خاوەرەکان کرد و خۆشمان سواری ئوتوبوسە درێژەکان بووین، ئێستاش تامی فرمێسکەسوێرەکان بە تەنیشتی لێومەوەیە، کە کاتێ لە جامی ماشێنەکەوە بۆ دواجار سەیری ئۆردوگای منداڵی و هەرزەیی و یادەوەرییەکانم دەکرد، ئۆردوگا چیرۆکی سرود و قورئان، چیرۆکی یاری و شادی، حەکایەتی خوێندن و سەعی و تاقیکردنەوە، و هەموو شتەکانی ئێمە بوو، بۆیەش ماڵئاواییەکی سەخت بوو، مەنشئەکان ئۆردوگایان جێهێشت و بەرەو مەریوان بەرێکەوتین، بە تەنیشتی زرێباری دڵرفێندا دڵمان تێکەڵ بە خۆشی و ناخۆشی بوو، ناخۆشی جیابوونەوەی هاوڕێکان و زێدی منداڵیمان و خۆشی گەڕانەوە بۆ ناو کەسوکار و کۆتایی هاتنی غەریبی، لە ناو پاسەکەدا جگە لە ئێمە، ماڵی چەند هاوڕێیەکیتریشمان لەگەڵ بوو، لە کوشنی دواوە ماڵی هاوڕێی کۆچکردوو کاک مەریوان عەلی بەشارەتی دانیشتبوون، مەریوان هاوڕێیەکی شیرین و رووخۆش و ئەزیزی ئێمە بوو، پێکەوە قورئانمان دەخوێند، سرودمان دەوت و شانۆمان پێشکەش کرد، مەریوان ئەو رۆژە ئەو کراسە شینەی لەبەردابوو کە ماوەیەک لەوەو پێش لە شانۆیەکدا لە سەر ستەیجی هۆڵی بۆنەکانی سەوڵاوا و بۆ نواندنی شەهیدیی بە گریمی ئاوەتەماتە د. هۆشەنگ دارا سەر سنگەکەی سورکردبوو، ئەوە دوا دیداری مەریوان عەلی ئازیز بوو کە لە رێگەی مەریوان هەمانبوو، چونکە دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەمان دەریاچەی سیروان مەریوانی لە ئێمە و بەشارەت و هاوڕێیانی دزی و ئێستاش بە حەسرەتەوە سەیری سیروان دەکەم و دەمەوێ هەرچی ئاوەتەماتەی شارەزوور هەیە برژێتە سیروانەوە سا بەڵکو مەرگی مەریوان شانۆ بێت و بگەڕێتەوە ناومان، بەڵام ئەوە حەقیقەتی تاڵە و تەنها نزای ئاسودەیی رۆحیمان بۆ ماوەتەوە.

مەریوان و باشماخ تێدەپەڕێنین و لەسەر جۆگەلەکەی مەرز باوەشی هەمیشە گەرمی کاک محمدی براگەورەمان پێشوازیمان لێدەکات و پاش تەواوکردنی کاروبارەکان سواری کۆستەر دەبین و بە ناو پێنجوێنی دڵگیرا، بەرەو گەرمای تاقەتپڕوکێنی شارەزوور خل دەبینەوە، هێشتاش گوڵەبەرۆژەکانی دەشتی شارەزوور لەبەرچاومدان، کەپری زەرعاتەکان، ئەو پیاوانەی کڵاوی پوشینیان لەسەربوو بە پاسکیل بە قەراخی جادەکەدا تێدەپەڕین. لە ماوەی یانزە ساڵی ئاوارەییماندا من سێ جاریتر عێراقم بینی کە هاوینان بە سەردان دەگەڕامەوە، ئاخر کاتێک لە ساڵی هەشتاو حەوت دوای دەستگیرکرانی باوکم و هاوڕێیانی دایکم ناچار دەبێت لە نێوان چاوەڕوانی هاوسەرە سەرنگومەکەی و ژیانی منداڵەکانیدا شوێن پێی راویارانی رێگای ئێران بگرێتەبەر، ئێمە ئاوارەی ئێڕان بووین.

بە ناو تەپوتۆزی شارەزووردا، کە تین و گڕەی گەرما سەری کەچەلی دەسوتاند، چووینە ناو خورماڵ و لە تەپی چەقەڵاوا بازگەی بزووتنەوەی ئیسلامی تێدەپەڕێنین، لەسەر شەقامی سەرەکی و لەبەردەم دوکانە سەرکۆڵانییەکەی کاک عەزیز دادەبەزین و شارعی زەڵمییەکان بەرەو خانووەکەی خۆمان دەگرینەبەر، خورماڵ شارێک نا بەڵکو گوندێکی گەورەبوو، زۆربەی کۆڵانەکان هێشتا کەلاوەیان تیا مابوو، کە تووی بەرز و دار هەناری شێواو تێکەڵ بە خۆڵ و خاشاک بووبوون، بە ناوەڕاستی کۆڵانەکاندا جۆگەلەی ئاوی ماڵان سەرتاخواری موجەمەعی گرتبوو، کە بووبوویە کانگای مێش و مەگەز و پیسوپۆخڵی، خانووەکەی ئێمە کە هێشتا کەلاوەیەک زیاتر نەبوو، دوو ژوور و هەیوانێکی بە قوڕ و بەرد و دار تیا دروستکرابوو، کە تەنها ژوور و هەیوانێکی گڵگەچ کرابوو، بیرەکە پیس بوو دەبوو خاشاکی تێ بکەین، هێشتا حەوشەکە بێ دەرەتان بوو، توالێت و حمام و حەوزی ئاو و شوێنی کەلوپەل و نان کردنی دایکم، بۆیەش هەرزوو هەستمان کرد بەوەی کە ئیشی زۆرمان ماوە بیکەین.

هاوینانی خورماڵ کە هێشتا کارەبای نەبوو، ژیان تیایدا زۆر زەحمەت بوو، بۆیەش بڕیارماندا کەلوپەلەکە لە خانووەکەدا بەجیبهێڵێن و بچینە ناو باخ لای ماڵی کاک ئیحسان تا هەم گەرما تەواو دەبێت و هەم ئیشوکاری خانووەکە تەواو دەکەین، ئەوسا زۆرینەی خەڵکی زەڵم سێ مانگی هاوین دەچوونە ناو باخ، تا هەم لە گەرما و بێ کارەبایی خۆیان فێنک بکەنەوە و هەم ئاگاشیان لە باخەکان بێت، دواتر بە درێژی باسی ژیانی ناوباخ دەکەم کە ئێمە چوار ساڵ هاوینان لە ناو باخ دەبووین. ماڵی کاک ئیحسان لەگەڵ ماڵی بابا عەلی رەحمەتی و خزمان و خاڵوان لە بنی پەڵگ و باخەکەی حاجی مەجید و کاک عەتای گۆرانیواچ بوون، هاوینێکی خۆش و سادەمان بەڕیکرد، زۆربەی کاتەکەم بەو کەتافییە فستەقییەوە بردە سەر کە ساڵی رابردووتر کردبووم، کێلەماڕانێ و شەترەنج و مەلە و حەیلانێ لە باوترین یارییەکان بوون کە لە ناو باخدا کاتمان پێوەدەکوشتن، کە بەرەو پاییزیش بووینەوە خۆشترین یادەوەری شارۆی گوێز و هەنار بوو، کاتێ کە کاکڵەی گوێزە دۆزراوەکەمان دەخستە دووتوێی هەنجیرە وشکەکەوە و خرمەی دەهات، تامەکەی بۆ هەمیشە لە بێخی داندایە.

زیاتر بخوێنەوە

بابەتی هاوپەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button