(گفتوگۆیەک سەبارەت بە حەقیقەت) وێستگەیەک بۆ گەنج سازی

بیلال ڕحمان نامیق

(گفتوگۆیەک سەبارەت بە حەقیقەت) وێستگەیەک بۆ گەنج سازی
ناوی کتێب:-گفتوگۆیەک سەبارەت بە حەقیقەت
نوسەر:-پ.د.عەلائەدین باشار

ئەم کتێبە پێمان دەڵێت:-

١-چەن سەنگدار و سەنگینن ئەو گەنجانەی لە ناو قەرەباڵغی مۆدێرنە و جەنجاڵیە سەردەمیەکان و جیاوازیە زۆرەکان، خۆیان ون ناکەن، نابن بە تیکەی چەوری نامۆییە نوێیەکان، وەک دەوترێت نابێت (بە نەدی وبدی و هیچ نەدیو)بۆ ڕەنگاڵەییەک، تێدەگات مەرج نیە هەموو ڕەنگاو ڕەنگیەک ڕەنگین بێت، ئەشێ لەبەرگی وشککردنی زەین یان لەبەرگی ڕماندنی دیواری بەهاکان خۆی نواند بێت .

٢-چەن ئاوەز ئاوەدانن ئەو گەنجانەی، ساحێب ئیرادەی خۆیانن و لەهەمانکاتیش لەوە بە ئاگان کە دروستکاری مەزن جڵەوگیری سەرجەم کار و هەڵسوڕێنەری سەرجەم ڕووداوەکانی زیندووان و نا زیندووانە (إن الله على كل شيئ قدير) .

٣-چەن هاوسەنگن ئەو گەنجانەی بە ئاگان لە توانست و هێزی گەنجیان بەڵام لە لاوازیە پڕوکێنەرەکانی پیریش غافڵ نین، بۆیە لەهەوڵدان تا ئەم تەمەنە زێڕینەیان سوودمەند ببەنە سەر، سەرەڕایی لەمپەر و سەختیەکاتی ڕێ، وەک کاک احمدی موفتی زادە دەڵێ
هاوڕێی خۆشەویست ڕێوگاری عاقڵ
عەزیەت دڕک و داڵ ڕێگە مەگرە دڵ
ساوە، بۆرانە، هەورە مەینەتی خۆشە بۆ ئاوات گەورە

٤-چەن دوور بینن ئەو گەنجانەی لە چێژەکانی لاوی خۆبەدوورگر نین بەڵام ئەوەشیان لەیادە کە نابێ سنورە شەرعییەکان ببەزێنن چونکە (کل نفس ذائقة الموت)، فەرمايشتەکەی خۆشەیستیش دەفەرموێ(حب الدنیا رأس كل خطيئة) .

۵-چەن ژیرن ئەو گەنجانەی ئەزانن وەستان لە ڕۆخی دەریای ئارەزوو نەتیجەکەی خنکانە بە بێ ڕوح دەرچوون، نەتیجەکەی ژیانە بە مردوویی .
بۆیە بەئاگا دێنەوە پێش مردن، وەک فەرمایشتەکەی خۆشەویست دەفەرموێت (الناس نيام فإذا ماتوا إنتبهوا) .
کاک احمدی موفتی زادە دەڵێ:
ژیان تیژپەڕە وەک تیسکەی تفەنگ
ها, نەیبەیتە سەر بە گاڵتە و جەفەنگ .

٦-چەن شادومانن ئەو گەنجانەی تێدەگەن لە زەوی میوانێکی ڕێزلێگیراون، بەم پێیە بە پێویستی دەزانن لەسەر خۆیان بەندەیەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دروستکارە بێ هەڵەکەیان بن .
(وما خلقت الجن والإنس إلا ليعبدون) .

۷-چەنە جوانن ئەو خانمانەی بە شاردنەوەی پرچ و جەستەیان بە بەرامبەرەکەیان ناچارەکەن کە (جگە لە دیوی بەرجەستە و مەتریاڵییان، بۆ شتێکی تر بگەڕێن وەک بەها، ئاکار، ناواخن، …هتد) .

٨-چەنە خۆناس و ئازادن کە ئازادی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە بەدوای مومارەسەکردنی تایبەتمەندییەکانی خۆیان بگەڕێن، وە پێیان وابێ بەدواداگەڕان بۆ ئەرک و مافی خانمانەی خۆیان گرنگترە بە عەوداڵ بوون بۆ حەزی یەکسان بوون بە ڕەگەزێکی تر، چوونکە زۆر جار یەکسانی لە ستەمەوە نزیکە، هاوسەنگیش لە دادگەری (العدالة) .

٩-چەن سالارن ئەو گەنجانەی داری حەقیقەتیان بە هەموو بایەک نا لەرزێ، باری بڕوایان ئاوا زوو کۆڵیان جێناهێڵێت، ناری ناخیان بە کزەی شەماڵێک دانامرکێتەوە .

کاک احمەدی موفتی زادەش دەڵێ :
داری بەرداری ئیتر بەر پەڵ بە
لەسەرخۆ وچان لەسەرخۆ دەرکە
تا ژیرێک بەجێ ئەچنێ بارت
سەد گەوج و چڵێس ئەدەن ئازارت .

زیاتر بخوێنەوە

بابەتی هاوپەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button